ئاماژه: به‌بۆنه‌ی له‌دایکبوونی کێژۆڵه‌یه‌کی ئیسک سووک که ئه‌مڕۆ هه‌ینی له کاتژمێر ۹‌ی به‌ره‌به‌یانی ۱‌ی جۆزه‌ردانی۱۳۸۸هه‌تاوی خوای گه‌وره پێی خه‌ڵات کردین‌و له‌گه‌ڵ دایکی‌و دادی‌و کاکی ناوی «سۆلین»مان لێنا که به مانای؛ نه‌جیبزاده، ناوی گوڵێک‌و خونچه‌ی نه‌پشکووتووه، شوکرو سوپاسی خوای گه‌وره ده‌که‌ین‌و هیوادارین "سۆلین"ه بچکۆله‌که‌ی ئێمه‌ش، له داهاتوودا وه‌کوو خوشکه سۆلین عه‌بدولحه‌مید ببێته مایه‌ی شانازی بنه‌ماڵه‌که‌ی‌و ببێته مرۆڤێکی به سوود بۆ کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌واریمان. به‌و هیوایه
دیمانه: ته‌ها ئیسماعیل
ئه‌گه‌ر بێت‌و ته‌ماشای خێزانی کوردی بکه‌ین، ده‌بینین یه‌کێک له سیفه‌ته نیگه‌تیڤه‌کانی زۆربه‌ی ئه‌ندامانی خێزانی کوردی توڕه‌بوونه، زۆرجار له کاتی داواکردنی ماف یا بوونی کێشه‌یه‌کدا، ئه‌ندامانی خێزان دوور له گفتوگۆی هێمنانه به توڕه‌یی قسه له‌سه‌ر کێشه‌کان ده‌که‌ن، جگه له‌مه‌ش هه‌ندێک جار له توڕه‌بوون تێده‌په‌ڕێت و ده‌گاته ئه‌وه‌ی که ئه‌ندامانی خێزان توندوتیژی به‌رامبه‌ر به‌یه‌کتر به‌کاربهێنن بۆ یه‌کلاییکردنه‌وه‌ی کیشه‌کان، جا باوک و دایک به‌رامبه‌ر منداڵه‌کانیان، یاخود مێرد به‌رامبه‌ر به ژنه‌که‌ی، که ئه‌مه‌ی دواییان له کۆمه‌ڵگای کوردی‌دا رۆژ له‌دوای رۆژ له گه‌شه‌سه‌ندندایه.
بۆ قسه‌کردن له‌سه‌ر ئه‌م پرسانه، رۆژنامه‌ى یه‌کگرتوو ئه‌م دیمانه‌یه‌ی له‌گه‌ڵ به‌ڕێز (سۆلین عه‌بدولحه‌مید ـ شاره‌زا له بوارى گه‌شه‌پێدانى مرۆیى)دا ساز کرد.
ـ خێزانی کوردی چۆن هه‌ڵده‌سه‌نێگنیت، به‌تایبه‌تی له رووی مامه‌ڵه‌کردنی ئه‌ندامانی خێزان له‌گه‌ڵ یه‌کتریدا؟
+ به شێوه‌یه‌کی گشتی ئه‌و هه‌ڵسوکه‌وته‌ی له‌نێو خێزانی کوردی خۆماندا ده‌بینین، جیاوازییه‌کی واى نییه له‌گه‌ڵ خێزانه‌کانی وڵاتانی ده‌وروبه‌رمان. ده‌توانم بڵێم هیچ یاسایه‌ک دانانرێ بۆ هه‌ر خێزانێک تاکو له سه‌ره‌تای دروستبوونیه‌وه له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌م یاسایانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ یه‌کتر بکه‌ن، واته کاتێک کوڕ به کچ رازی ده‌بێت یا کچ به کوڕ رازی ده‌بێت، هیچ شتێکی وا نییه له‌نێوانیاندا که کوڕ یا کچ بڵێ ده‌مه‌وێت خێزانه‌که‌مان له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایانه دابمه‌زرێنین، یاخود به‌م شێوه‌یه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ یه‌کتری بکه‌ین، بۆیه مامه‌ڵه‌کردنی ئه‌ندامانی خێزان له‌وێوه نییه که خێزانه‌که دروست ده‌بێت یا دوای دروستبوونی خێزان، که به چه‌ند ساڵ یا دوای بوونی منداڵ، به‌ڵکو پێویسته پێشوه‌خت، واته پێش ئه‌وه‌ی خێزانه‌که دروست بێت، بیر له‌وه بکرێته‌وه، بۆیه واى بۆ ده‌چم که نه‌بوونی ئه‌و سه‌ره‌تا باشه وایکردووه که مامه‌ڵه‌ی ته‌ندروست نه‌بێت له‌نێوان ئه‌ندامانى خێزاندا.
ـ زۆرجار له کاتی داواکردنی ماف یا بوونی کێشه‌یه‌کدا ئه‌ندامانی خێزان دوور له گفتوگۆى هێمنانه و به توڕه‌یی قسه له‌سه‌ر کێشه‌کان ده‌که‌ن، ئه‌گه‌ر ته‌ماشای خێزانی کوردیش بکه‌ین ده‌بینی یه‌کێک له سیماکانی خێزانی کوردی توڕه‌بوونه، هۆکاری ئه‌م توڕه‌بوونه بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه؟
+ توڕه‌یی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سیفاتی خودی که‌سه‌که، نه‌ک له داواکردنی ماف، به‌ڵکو هه‌ر شتێکى پێ ناخۆش بێت، توڕه ده‌بێت. شتێکی تریش هه‌یه په‌روه‌رده‌ی ژن و پیاو له منداڵییه‌وه کاریگه‌ریی خۆی هه‌یه له‌ناو خێزانه‌کانیاندا، یا ده‌وروبه‌ر، له‌وانه‌یه ئه‌م پیاوه یا ئه‌و ژنه له منداڵی‌دا به توڕه‌یی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ کرابێت، ئێستا که گه‌وره بووه، ئه‌و باوه‌ڕه‌ی بۆ دروست بووه که توڕه‌یی هۆکارێکی باشه بۆ ئه‌وه‌ی زاڵ بێت به‌سه‌ر به‌رامبه‌ردا، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له خێزان و کۆمه‌ڵگایه‌کی تردا په‌روه‌رده بووبن، که به دیالۆک و هێمنی داوای ماف کرابێت، بێگومان ئه‌و کاته ئه‌وانیش په‌یڕه‌وی ده‌که‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و که‌سه وای لێهاتووه به ده‌نگ به‌رزکردنه‌وه و توڕه‌بوون داوای مافی خۆی بکات، له‌وانه‌یه شێوازی جوانی له‌ناو کۆمه‌ڵگا و خێزاندا راگه‌یاند نه‌دیبێت، که‌واته په‌روه‌رده‌کردنی مرۆڤ له منداڵییه‌وه کاریگه‌ریی هه‌یه له‌سه‌ر توڕه‌یی، به‌ڵام ئه‌وه‌ش ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت که ئه‌و که‌سه ئه‌مه به بیانوو بگرێت و بڵێ هه‌ڵه‌ی ئه‌و په‌روه‌رده‌یه که له منداڵییه‌وه منی وا به توڕه‌یی پێگه‌یاندووه، مادام گه‌وره بووه، ده‌توانێ شتی نوێ فێر بێت، پێویسته خۆى لێ به‌دوور بگرێت.
ـ چۆن ده‌توانین له کاتی توڕه‌ییدا کۆنترۆڵی خۆمان بکه‌ین؟
+ زۆر رێگا هه‌یه بۆ کۆنترۆڵکردنی توڕه‌یی، جارێ ئه‌گه‌ر که‌سێک بڕیار بێ بڵێ بۆیه توڕه‌م، عاده‌تم وایه، یان ته‌بیعه‌تم وایه.. ئه‌وه ده‌بێ بزانێ عاده‌ت و ته‌بیعه‌ت قابیلی گۆڕانن، به‌ڵام له‌ناو که‌لتوری خۆماندا بۆته مه‌بده‌ئـ که عاده‌ت و ته‌بیعه‌ت ناگۆڕێ..
سه‌باره‌ت به رێگاکان، یه‌که‌م ئێمه وه‌کو موسڵمان که قورئان و سوننه‌تمان هه‌یه، بۆ نمونه ئه‌و پیاوه‌ی دێته لای پێغه‌مبه‌ر (د.خ) ده‌ڵێ ئه‌ی پێغه‌مبه‌رى خوا ئامۆژگاریم بکه، ئه‌ویش ده‌ڵێ توڕه مه‌به. کابرا سێ جار داواى ئامۆژگارى ده‌کات، پێغه‌مبه‌رى خوا هه‌رسێ جاره‌که ده‌فه‌رموێت: توڕه مه‌به. جا ئه‌گه‌ر له‌توانای ئه‌و که‌سه‌دا نه‌بوایه، پێغه‌مبه‌ر ئه‌و ئامۆژگارییه‌ی نه‌ده‌کرد، هه‌روه‌کو خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێ (لایکلف الله نفسا الا وسعها) دیاره له (وس‌ع)ى به‌شه‌ردایه که خۆی بگۆڕێت، که‌واته کاریگه‌رترین رێگا بۆ کۆنترۆڵى توڕه‌یی، ئه‌وه‌یه مرۆڤ له‌به‌ر خاتری خوا واز له توڕه‌ی بهێنێت.
هه‌روه‌ها پێغه‌مبه‌ر کۆمه‌ڵێک شتی وتووه له کاتی توڕه‌ییدا، بۆنمونه ئه‌گه‌ر راوه‌ستاوی، دانیشه، ئه‌گه‌ر دانیشتووی، پاڵ که‌وه، یا ده‌ستنوێژ بشۆ، چونکه توڕه‌بوون ئاگره و ئاو ده‌توانێ ئه‌و ئاگره بکوژێنێته‌وه.
رێگایه‌کی تر هه‌یه له بواری گه‌شه‌پێدانی مرۆیی‌دا باسى لێوه کراوه، که ئه‌ویش ته‌کنیکی یه‌کگرتوو، ئه‌م ته‌کنیکه باس له‌وه ده‌کات ئه‌گه‌ر مرۆڤ هه‌رشتێک چه‌ند جار دووباره بکاته‌وه، به‌ڵام له‌و کاته‌دا شتێک بکاته نیشانه، دوای ئه‌و هه‌رکاتێک ئه‌و نیشانه‌ی به‌کارهێنا، حاڵه‌ته‌که‌ی به‌بیر دێته‌وه. بۆ نمونه یه‌کێک که‌سێکی نزیکی مردووه له کاتی تازیه‌که‌دا خه‌ڵکی ته‌وقه‌یان له‌گه‌ڵی کردووه و پاشان ده‌ستیان له‌سه‌ر شانی چه‌پی داناوه و پاش ته‌واوبوونی تازیه‌که هه‌رکه‌سێک بێت ئه‌و کرداره دووباره بکاته‌وه، ئه‌و که‌سه یه‌کسه‌ر دڵی توند ده‌بێت، چونکه خۆی تازیه‌که‌ی له‌بیر نییه، به‌ڵام ئه‌و کرداره گرێ دراوه به‌و رووداوه ناخۆشه‌وه. ئه‌مه چۆن ده‌کرێ بۆ توڕه‌یی سودی لێ ببینێت، بۆ نمونه که‌سێک ده‌یه‌وێت توڕه بێت، به‌ڵام له کاتی توڕه‌ییدا کۆنترۆڵی خۆی کرد وای له‌خۆی کرد که زاڵ بێ به‌سه‌ر توڕه‌ییه‌که‌یدا، با له‌و کاته‌دا شتێک بکاته نیشانه، بۆ نمونه ده‌ستی راستی توند بگوشێ، ده‌کرێ ئه‌م شته‌ش چه‌ند جارێک دووباره بکاته‌وه، پاشان هه‌ر کاتێک بیه‌وێت توڕه بێت، به‌بێ ئه‌وه‌ی که‌س هه‌ستی پێ بکات، یه‌کسه‌ر ده‌ستی خۆی توند بگوشێ، به‌و کاره ئه‌و هه‌سته‌ی بیر دێته‌وه که ویستی توڕه بێ، به‌ڵام له‌پێناوی خوادا توڕه نه‌بووه.
ـ زۆر جار قسه‌کردن له‌سه‌ر کێشه‌کان، له توڕه‌بوون تێده‌په‌ڕێت و ده‌گاته ئاستی به‌کارهێنانی توندوتیژى به‌رامبه‌ر به‌یه‌کتر، به‌تایبه‌تی باوان به‌رامبه‌ر منداڵه‌کانیان، یاخود پیاو به‌رامبه‌ر ژنه‌که‌ی، که ئه‌مه‌ی دواییان ئێستا له کۆمه‌ڵگای کوردی‌دا له گه‌شه‌سه‌ندندایه هۆکارى به‌کارهێنانی توندوتیژی چییه؟
+ ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ پێش پێکهێنانی خێزان، چونکه من باوه‌ڕم وایه زۆر شت هه‌یه له سه‌ره‌تاوه ده‌ست پێده‌کات، خواى گه‌وره ده‌فه‌رموی (أَفَمَنْ أَسَّسَ بُنْيَانَهُ عَلَىٰ تَقْوَىٰ مِنَ اللَّهِ وَرِضْوَانٍ خَيْرٌ أَم مَّنْ أَسَّسَ بُنْيَانَهُ عَلَىٰ شَفَا جُرُفٍ هَارٍ فَٱنْهَارَ بِهِ فِي نَارِ جَهَنَّمَ وَٱللَّهُ لاَ يَهْدِي ٱلْقَوْمَ ٱلظَّالِمِينَ) "کام ئه‌ساس باشتر و توندوتۆڵتره، ئه‌وه‌ى له‌سه‌ر ته‌قواى خوا دامه‌زراوه، یا ئه‌وه‌ى هیچ ئه‌ساسێکی نه‌بووه".
توندوتیژی یه‌کێکه له ئاسه‌وارى ئه‌و دوو که‌سه‌ى که تا چه‌ند پابه‌ندن به قورئان و سوننه‌ته‌وه، چونکه یه‌کێک له‌و ئاسه‌واره خراپانه‌ى که له‌ناو خێزاندا دروست ده‌بێت، زۆربوونى گوناهه، واته دروستبوونى خێزان له سه‌ره‌تاوه به گوناه ده‌ست پێده‌کات، یا به ته‌قوا، جگه له‌مه‌ش سه‌ره‌تاى توندوتیژی له‌وه‌وه ده‌ست پێده‌کات، که ئایا پیاو چۆن ده‌ڕوانێته ئافره‌ت، ئایا وه‌کو خۆى سه‌یری ئافره‌ت ده‌کات که هه‌ستى هه‌یه و به قسه‌یه‌ک هه‌ستى بریندار ده‌بێت، به‌هه‌مان شێوه‌ش سه‌یرکردنى ئافره‌ت بۆ پیاو گرنگه، زۆر ئافره‌ت هه‌یه له‌به‌رئه‌وه‌ى هاوڕێکانی سته‌میان لێ کراوه له‌لایه‌ن مێرده‌کانیانه‌وه، ئێستا ئه‌ویش وه‌ک کاردانه‌وه‌یه‌ک هه‌ر له یه‌که‌م رۆژی زه‌واجه‌وه به‌و عه‌قڵه بیر ده‌کاته‌وه و ده‌ڵێ با پیاوه‌که‌م بکه‌مه ئه‌نگوستیله‌ى ده‌ستم، له هه‌مان کاتیش‌دا ئه‌گه‌ر پیاو به چاوێکی گه‌وره سه‌یری ئافره‌ت نه‌کات، ئه‌وا له‌وانه‌یه به بچووکترین شت لێی توڕه بێت و له‌به‌ر چاوى خه‌ڵک بیشکێنێته‌وه.
له‌به‌رئه‌وه‌ى به چاوی رێزه‌وه سه‌یری یه‌کتر ناکه‌ن، باشه تۆ چۆن رێزی یه‌کێک ده‌گرى که نه‌یناسی؟ ئه‌ى چۆن رێزی هاوسه‌رى ژیانت ناگرى ..؟ بێگومان ئه‌و کاته توندوتیژی دروست ده‌بێت.
- راگه‌یاندنی بینراو، به‌تایبه‌تى فیلم و دراما، تا چه‌ند رۆڵیان هه‌بووه له بڵاوبوونه‌وه‌ى توندوتیژیدا؟
+ دیاره خه‌ڵک زیاتر به لایه‌نه سه‌لبییه‌که‌ى راگه‌یاندنه‌وه موبته‌لا بووه وه‌گه‌رنا راگه‌یاندن له توانایدا هه‌یه ئه‌م توندوتیژییه‌ى ئێستا زۆر که‌م بکاته‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌و ئامانجه‌ى هه‌بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ته‌ماشای واقیعی خۆمان بکه‌ین، ده‌بینین خه‌ڵک زیاتر ته‌ماشای دراما و فیلمى بیانی ده‌کات، چونکه دراماى خۆمان هێشتا نه‌گه‌یشتۆته ئه‌و ئاسته‌ى که ده‌ور ببینێ له‌و بواره‌دا، ئینجا کورته‌ى ئه‌و دراما و فیلمه بیانییانه ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێن که ئه‌وکاته ژن و پیاو گرفتیان ده‌بێت که ژیانی هاوسه‌رى پێکده‌هێنن، وه‌گه‌رنا له ده‌ره‌وه‌ى خێزان ئافره‌ت و پیاو زۆر زۆر هاوڕێی یه‌کترن، رێز له یه‌کتر ده‌گرن و قسه‌ى خۆش بۆ یه‌کتر ده‌که‌ن و قوربانی بۆ یه‌کتر ده‌ده‌ن، ئه‌مه له ده‌ره‌وه‌ى خێزان، به‌ڵام له چوارچێوه‌ى خێزاندا گرفت و کێشه ده‌ست پێده‌کات و خۆشه‌ویستى نامێنێ، به‌تایبه‌ت له هه‌ندێک دراما له‌م شێوه‌یه قسه‌ى لێوه ده‌کرا، که ئه‌گه‌ر مێردکردن و ژنهێنان له ده‌رگاوه هاته ژووره‌وه، ئه‌وا خۆشه‌ویستى له په‌نجه‌ره‌وه ده‌چێته ده‌ره‌وه، که‌واته ئه‌وه چ نه‌وه‌یه‌ک به‌رهه‌م دێنێت، دیاره نه‌وه‌یه‌کی وه‌کو ئێستا به‌رهه‌م دێنێ که حه‌ز به ژیانی هاوسه‌رى ناکات و به گرفتى ده‌زانێ، پاشان راگه‌یاندن له‌سه‌ر هه‌ڵسوکه‌وتى باوانیش له‌گه‌ڵ منداڵه‌کان وێنه‌یه‌کی مامناوه‌ندیمان ناداتێ، یا ئه‌وه‌یه که دایک و باوک زۆر توندوتیژن و به‌پیر داوا و داخوازییه‌کانى منداڵه‌کانیانه‌وه ناچن، به‌تایبه‌تى له ته‌مه‌نى گه‌نجیدا به توڕه‌یی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌که‌ن، یاخود به پێچه‌وانه‌وه ئازادییه‌کی ته‌واویان ده‌داتێ، که هه‌ردوو وێنه‌که هه‌ڵه‌یه.
- که‌سایه‌تى ئافره‌ت و ئاستى رۆشنبیرى تا چه‌ند رۆڵ ده‌بینێ له که‌مکردنه‌وه‌ى ئه‌و توندوتیژییه‌ى به‌رامبه‌رى؟
+ دیاره ئافره‌ت کاریگه‌ریى زۆرى له‌سه‌ر پیاو هه‌یه، هه‌تا له‌سه‌ر منداڵه‌کانیش کاریگه‌ریى هه‌یه، له هه‌مان کاتدا پیاویش کاریگه‌ریى هه‌یه، به‌ڵام با نه‌ڵێین کێ کاریگه‌ریى زیاترى هه‌یه، به‌ڵکو با هه‌ریه‌که‌و له شوێنی خۆى هه‌وڵ بدات ئه‌و شته بگۆڕێت، با هه‌وڵدانه‌که‌ش که‌م بێـت.. جگه له‌مه‌ش ئافره‌ت با خۆى هه‌وڵ بدات توندوتیژی له‌ناو خودى خۆیدا نه‌هێڵت، پاشان داواى ئه‌وه بکات له به‌رامبه‌ره‌کانى که به توندوتیژی کێشه‌کان چاره‌سه‌ر نه‌کرێن، بۆیه ده‌بێت ئافره‌ت خۆى نمونه‌ى ئه‌و گۆڕانکارییه بێت، ئه‌گه‌ر بیه‌وێت توندوتیژی نه‌مێنێ، ئه‌مه‌ش به‌و مانایه نییه که ئافره‌ت که‌سایه‌تى خۆى له‌ده‌ست بدات، چونکه له کۆمه‌ڵگاى ئێمه‌دا بۆچوونێک هه‌یه و پێی وایه که یه‌کێک له سیفه‌ته‌کانى که‌سایه‌تى سه‌رکه‌وتوو تووڕه بووه، به‌ڵام نه‌خێر ئه‌مه ته‌واو پێچه‌وانه‌یه، یه‌کێک له سیفاتی که‌سایه‌تى سه‌رکه‌وتوو ئه‌وه‌یه که ئارام بگرێت و توڕه نه‌بێت.
- چۆن ده‌توانین خێزانێکی ته‌ندروست پێکبهێنین؟
+ یه‌که‌م شت ئه‌وه‌یه ئه‌و که‌سه که سه‌ره‌تا ده‌یه‌وێت خێزان پێکبهێنێت به‌دواى چ که‌سێکدا ده‌گه‌ڕێت، بۆنموونه پیاو به‌دواى جوانى و بنه‌ماڵه و شتى تردا ده‌گه‌ڕێت، که دیاره ئه‌مه‌ش مافی هه‌موو که‌سێکه، به‌ڵام له‌وه‌ش گرنگتر ئه‌وه‌یه ئایا ته‌بیعه‌تى ئه‌و که‌سه چۆنه، چونکه ده‌بێت بیر له‌وه بکاته‌وه که دوای دروستبوونى خێزان مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ته‌بیعه‌تى ئه‌و که‌سه‌دا ده‌کرێت، نه‌ک له‌گه‌ڵ شێوه و روخساریدا، ئه‌مه‌ش بۆ ئافره‌ته‌که به‌هه‌مان شێوه‌یه.
دووه‌م پاش ماره‌کردن که فه‌تره‌ى ده‌ستگیرانییه، ئه‌و کاته‌ش زۆر گرنگه بۆ ئه‌و دوو که‌سه که تێیدا گفتوگۆ بکه‌ن له‌سه‌ر ژیانی داهاتوویان و باس له‌وه بکه‌ن که چۆن یاسایه‌ک بۆ ژیانیان دابنێن، چونکه چۆن حکومه‌ت پێویستى به یاسایه، خێزانیش به‌هه‌مان شێوه پێویستى به یاسایه‌ک هه‌یه، ئه‌گه‌ر یه‌کێک له‌و دوو که‌سه له‌و یاسایه لایدا، با ئه‌وى تر راستى بکاته‌وه، بێگومان ئه‌مه دوای پێکهێنانی خێزانه‌که ده‌بێت.
سه‌رچاوه: یه‌کگرتوو ژماره 715